پێناسە:
قونێرەکە لە نزیک کۆمەوە دەردەچی، بە زۆری تووشی پیاوان دەبی لە تەمەنی 20 تا 50 ساڵی ئەوانەی کە هەوی درێژخایەنی ڕێکە یان ریخەلۆکیان هەیە یان نەخۆشی کرۆن زیاتر تووش دەبن
دابەشکردن:
لەسەرتا دابەشدەکرێن بۆ دوو جۆڕ ئەوانەی لە بن یان لە بان حەوزەبەرزکەرەوە ماسولکەن، پاشان ئەوانەی لە بن ماسولکەکەن دابەش دەکرێن بەسەر ئەو جۆڕانە:
– تەککۆمەقونێر
– سمتەکۆمەقونێر
– ژێرلینجەپەردەقونێر
– نێوانکشتەکەقونێر
هۆکار:
هۆکارەکەی هەوێکە لە پێستە یان رژێنەکانی کۆم، هۆکاری هەوەکە نازاندراوە.
سکاڵا:
ئازار و ئەستووربوونەک لە نزیک کۆم، نەخۆشەکە ناتوانی لەسەر ئەو لایەی دابنیشی، ئازارەکی هاندەک زار لا کاتی پیسای کردن زیاد دەکا. زۆر جار تای بەرزیشی دەبی.
نیشانەکان:
وەک هەر قونێرەکی دەیکە گرێیەکی سۆر پڕئازار رێک لە تەنیشت کونی کۆم یان لە نزیکی، هەندەک جار زۆرتر لە ناو کۆم هەست بە ئەستووریەکە دەکەی. لیمفەڕژێنەکانی نزیک گەورە دەبن.
لێچووەکان:
شەقی کۆم، کونبەدەربوونی کۆم، هەوی سەلکەمووەکان، شێرپەنجە
ئازمایش:
ئەو قونێرە ئازاری زۆرە و دەبی نەخۆشەکە خێرا نەشتەرگەری لۆ بکرێ پاشان ئازمایشی زیاتری لۆ دەکرێ، لۆ نمونە مانگەک پاش نەشتەرگەری دەتوانی رێکەبینی لۆ بکەی تا بزانی کونبەدەربوون یان هەوی درێژخایەنی نییە کە زۆر جار هۆکاری قونێری دووبارەبوەووەن و دەبی ئاوان چاربکرێن تا نەخۆش لە قونێرەکە رزگاری ببی.
چارەسەر:
هەندەک جار قونێرەکە خۆی دەتەقی، ئەگەر نا دەبی نەشتەرگەری لۆ بکرێ بە بەنجی گشتی، بەنجی لۆکال ناتوانی هەموو شوێنەکە بگریتەوە و نەخۆش ئازاری زۆر دەبی.
لە نەشتەرگەری دەبی شەقەکی خاچ شێوە لەسەر قونێرەکە بکەی و هەموو کێمەکەی دەربکەی و برینەکە هەر بە کراوەیی بە جێ بهێلی.
نزیکەی مانگەکی پێ دەچی تا برینەکە چاک دەبیتەوە بە پاك کردنەوەو شوشتنی رۆژانە با ئاو و سابوون.
ئەو قونێرە بە هیچ شێوەک پێویستی بە ئەنتیبیۆتیکە واتە دژەبەکتریا نییە تەنها لەو بارانە:
– ناخۆش باری زۆر خراپ بی
– هەوەکی زۆری هەبی
– زمانەی دڵی گۆردرابی
– بەرگری لەشی کەم بی.
دەتانی ئاوی برینەکە بچینی و ئەگەر ئەو بەکتریای دەردەچی بەکتریای ریخەلۆک بی ئەوا ترسی کونبەدەربوون زۆرە، ئەگەریش بەکتریا پیست بی وەک ستافیلۆکۆک ئەوا ترسەکە کەمترە.