پێشەکی: بەکتریایی گرام نێگەتیڤ بەرپرسە لە هەندێک کوڵی کوشندە لە کۆئەندامی هەرس، میزەڕۆ، سیەکان، خوێن و کۆلێرا. رێژەی مردن بە کوڵی خوێن بە هۆی کلێبسێلا نیومۆنی زیاتر لە ٤٠%یە. ئەو دژەبەکتریاییانەی کە هەن دژی گرام نێگەتیڤەکان زۆر کۆنن. نوێترین پۆڵی ئەو دژەبەکتریاییانە ساڵی ١٩٦٨ گەیشتە بازاڕ. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو بەکتریایانە زۆریان بەرگریان پەیدا کردووە.
کێشەیەکی دیکەی ئەو دژەبەکتریاییانە لەناوبردنی بەکتریا بەسوودەکانی ریخەڵۆکە، کە زۆر جار دەبێتە هۆی کوڵی دووەمی زۆر سەخت. کوڵی کلۆستریدیۆم دیفیسلی تووشی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس دەبی لە ئەمەریکا لە هەر ساڵێک و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس دەکوژی.
لە توێژینەوەیێک کە ٢٩ ی مایس ٢٠٢٤ لە گۆڤاری نایچەر بڵاوکراوەتەوە، تیمێکی توێژەرەوە لە زانکۆی ئیلینۆس، باس لە دژەبەکتریایەکی نوێ دەکەن کە لەلایێک تەنها کار لەسەر بەکتریا گرام نێگەتیڤەکان دەکات و لە لایێکیش زیان بە بەکتریا سوودەبەخشەکانی ریخۆڵە ناگەیێنێ. لەو توێژینەوەدا، دەرمانی لۆلامیسین توانیویەتی زیاتر لە ١٣٠ بەکتریایی بەرگریکەر لە تاقیگە لە ناوببات. هەروەها تاوانیویەتی کوڵی خوێن و سیەکان لە مشک چارەسەربکات بێ کارکردنی خراپ لەسەر مایکرۆبیۆمی ریخۆڵەکان.
شێوازی کارکردنی لۆلامیسین: بەکتریایی گرام نێگەتیڤ بە دوو بەرگ دەورەدراوە و بەرگری لە خانەکەی دەکات. لۆلامیسین لە ئاوێتەیێک پێک دێت کە ئەو بەرگریە دەشکێنێت بە هێرش کردنە سەر ئەو سیستەمەی کە لایپۆپرۆتینی نێوان هەر دوو بەرگەکە دەگوازێتەوە (سیستمەی لۆل: یاخود سیستەمی جێنیشانکردنی لایپۆپرۆتین). دەرمانەکە کاریگەری لەسەر گرام نێگەتیڤە بە سوودەکان نییە لەبەر ئەوەی سیستەمی لۆلی ئەوان تەواو جیاوازە لە گرام نێگەتیڤە زیانبەخشەکان. هەروەها کاریگەری لەسەر گرام پۆزەتیڤەکانیش نییە، چونکە ئەوان بەرگی دەرەوەیان و سیستەمی لۆلیان نییە. ئەو شێوازی کارکردنەی لۆلامیسین نوێییە و هیچ دژەبەکتریاییەکمان نییە کە بەو شێوە کار بکات.
سەرچاوە: گۆڤاری نەیچەر ٢٩ مایسی ٢٠٢٤
doi: 10.1038/s41586-024-07502-0
توێژەرەوە: Kristen A Munoz et al