دەزگای دەرمانی ئەمەریکی دەرمانی دۆنانێماب (کیسونلە)ی کۆمپانیایی ئێلی لیللی لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ پەسند کرد. دەرمانەکە لەسەر شێوەی دەرزیە ٣٥٠مگم\٢٠مل، مانگێ جارێک لێ دەدرێ بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانی سەرەتایی ئەلزهایمەریان لێ پەیدا بووە، وەک خەرەفانی سووک یان لاوازی سووکی توانای مێشک بەهۆی ئەمایلۆیدەوە.
ئەو دەرمانە یەکەم دەرمانی دژەئەمایلۆیدە کە پاش لەناوچوونی ئەمیلۆیدەکە دەکرێ دەرمانەکە بوەستێندرێ بەوەش خەرجی بەکارهێنانی دەرمانەکە زۆر کەمتر دەبێت.
دەرمانەکە پاش قۆناغی سێیەمی توێژینەوەی ترایەلبلەیزەر-ئالز پەسند کرا. توێژینەوەکە نیشانی دا کە دەرمانەکە بە شێوەکی دیاریکراو ئەمیلۆیدی مێشک و لاوازبوونی توانای مێش کەم دەکاتەوە بەبەراورد لەگەڵ پلاسیبۆ لەوانەی کە ئەلزهایمەری سەرەتاییان هەیە.
١٧% نەخۆشەکان پاش شەش مانگ و ٤٧% پاش ١٢ مانگ و ٦٩% پاش ١٨ مانگ توانیان واز لە دەرمانەکە بێنن پاش ئەوەی کە بە تیشکی پێت لەناوچوونی تەلخی ئەمیلۆیدەکان پشتراستکراوە. ئەوەش بەدیکرا کە تا چوار ساڵ هیچ ئەمایلۆیدی نوێ دروست نەبووە لە ژمارەیێک لە بەشداربووانی تووێژینەوەکە.
وەک هەموو دژەئەمایلۆیدەکانی دیکە، دۆنانێمابیش بەرترسی شێوانی تێشککاری هەیە بە هۆی ئەمیلۆیدەوە (شتا)
amyloid-related imaging abnormalities (ARIAs)
بۆیە گرنگە وەک هەموو دەرمانەکانی دیکە لەو گرووپە نەخۆشەکە بە تیشکی موگناتیسی چاودێری بۆ بکرێت.
پێشتر پزیشکەکان لەو بڕوایە بوون کە ناتواندرێ پەرەسەندنی ئەلزهایمەر رابگیرێ، پاش چارێکە سەدەیێک و ئێستا بە بەڵگە سەلماندرا کە بە کەمکردنەوەی ئەمایلۆید دەکرێ خەرەفان و لاوازبوونی توانای مێشک کەم بکرێتەوە. دەرمانەکە هیوایەکی باشە بۆ نەخۆشەکانی ئەلزهایمەر لە چاوەڕوانی دەرمانی کاریگەرتر.